کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندامێکی پارلەمانی کانادا

11:24 - 3 پووشپەڕ 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، هاوڕێیان سمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزب لە کانادا، کەیۆمەرس بەیگی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا و بەیان کورد فەرشی، ئەندامی تیمی پێوەندییەکان، لەگەڵ بەڕێز "ڕان مەککینۆن" ئەندامی پارلەمانی کانادا و کادری حیزبی لیبراڵی کانادا، کۆ بۆونەوە و چەندین بابەتی پێوەندیدار بە گەلی کورد و ڕەوەندی کوردی لە کانادا و هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم دژی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و پرسی کەمپی پەنابەران و بارودۆخی پڕمەترسیی بنەماڵەکان باسیان لەسەر کرا.

لەو دیدارەدا  نوێنەری حیزب باسێکی لەسەر دوایین ئالوگۆڕەکانی ناوچە و هەرێمی کوردستان بەگشتی و دوایین ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەتایبەتی، پێشکەشی بەڕێز "مەککینۆن" کرد .

هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزب و لایەنە کوردستانییەکان لە باشووری کوردستان و کەمپی پەنابەران و دۆخی پڕمەترسیی ئەو بنەماڵانەی ناچار بوون بەهۆی ئەو کردەوە تێرۆریستییانە ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن و ئاوارەی شار و گوندەکان ببن بە وردی باسی لەسەر کرا و هەیئەتی حیزب داوای کرد دەوڵەتی کانادا هەوڵ بدا بە سەرکۆنەی ئەو کردەوە تێرۆریستییانە و ورووژاندنی ئەو پرسە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرنجی بیروڕای گشتی بۆ ئەو پرسە ڕاکێشێ بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ دەستدرێژی و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران دابنرێ و هەروەها هەوڵ بدرێ ڕێکارێکی گونجاو بۆ فریاکەوتن و یارمەتی ئەو بنەماڵانە بەتایبەت ژنان و منداڵان دابنرێ. 

پرسی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوت و کۆنتڕۆڵکردنی چالاکوانانی کورد لە دەرەوەی ئێران، بە تایبەت لە کانادا، تەوەرێکی تری باسەکانی ئەو دیدارە بوو و هەیئەتی حیزب باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای کورتەنامە و ئیمەیل و تلفۆن بەردەوام هەڕەشە لە چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد لە تاراوگە دەکات و تەنانەت بە هەڕەشە لە بنەماڵە و کەسوکار زەخت دەخاتە سەر هاوڵاتییانی کوردی کانادا و پێویستە دەوڵەتی کانادا پێش بەو کردەوانە بگرێ و بەتایبەت بە دەرکردنی کەسانی سەر بە ڕێژیم و سپای تێرۆریستیی پاسداران لە کانادا ئەو هەڕەشانە کەم بکاتەوە.

لە درێژەی ئەم دیدارە چاوەڕوانی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژاوای کانادا باسی لەسەر کرا و داوا لە بەڕێز "مەککینۆن" کرا یارمەتی ماڵی کورد  بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری کلتووری و فێرکاری و زمانەوانی بۆ ڕەوەندی کوردی بەتایبەت ژنان و منداڵان بدات. هەروەها داوا لە بەڕێزیان کرا لە بۆنە و بەرنامە کوردییەکاندا بە تایبەت لە جەژنی نەورۆزی کوردیدا بەشداری بکات. 

بەڕێز "ڕان مەککینۆن" خۆشحاڵی خۆی لەو دیدارە دەربڕی و بەڵێنی دا بەدواداچوون بۆ پرسی هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر کەمپەکان و دۆخی بنەماڵەکان بکا و داوا و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی کوردیی کانادا لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان بێنێتە بەر باس و پشتیوانی لە ویست و داخوازییەکانی ڕەوەندی کوردی ڕۆژاوای کانادا بکا. 

لە کۆتاییدا هەردوو لایەن خۆشحاڵیی خۆیان لەو دیدارە دەربڕی و هیوایان خواست ئەو پێوەندیە بەردەوام بێت.