کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژە عەزیزی، نوێنەری یەکیەتیی ژنان لە پەرلەمانی ئورووپا: دێموکراسی لە ئێران بەبێ داننان بە فرەیی نەتەوەیی و مافی هەموو پێکهاتەکان بەردەوام نابێت

11:38 - 3 پووشپەڕ 2726

خاتوو ڕۆژە عەزیزی، نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەشداریی لە میزگەردێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی «ڕوانینێکی فێمینیستی بۆ گواستنەوەی دێموکراتیک لە ئێران» کرد کە لە پارلەمانی ئورووپا لە برووکسێل بەڕێوە چوو و سەرنجی ئامادەبووانی بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ، ژنان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران ڕاکێشا.

ئەم کۆبوونەوەیە کە بە هاوبەشیی گرووپی سۆسیالیست و دێموکراتەکان (S&D) و چەندین گرووپی دیکە لە پارلەمانی ئورووپا ڕێکخرابوو، بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵی ژنان لە داهاتووی دێموکراتیکی ئێران ژمارەیەک لە ژنانی چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی کۆ کردبووەوە.

ڕۆژە عەزیزی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکوتی سیاسی لە ئێران تەنیا بە پێشێلکردنی ئازادییە مەدەنییەکان سنووردار نابێت، بەڵکوو دەیان ساڵە سیاسەتی هەڵاواردن و بێبەشکردنی ناوچە و گەلانی جیاواز، بە تایبەتی کوردستان و بەلووچستان، کێشەی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دروست کردووە. ئەو وتی دیاردەکانی کۆڵبەری و سووتەمەنی‌بەری، بەرجەستەترین نموونەی ئەو بارودۆخەن کە تێیدا هاووڵاتییان ناچار دەبن بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان، ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.

نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها جەختی کردەوە کە داهاتووی دێموکراتیکی ئێران تەنها کاتێک بەردەوام و سەقامگیر دەبێت کە لەسەر بنەمای یەکسانی، فرەیی و بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان بنیات بنرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە، ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیی و فرەکولتوورییە و هیچ سیستەمێکی دێموکراتیک ناتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر ئەم ڕاستییە ئینکار بکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژە عەزیزی پشتیوانیی خۆی لە شێوازەکانی ناناوەندگەرایی و فێدراڵیزمی دێموکراتیک دەربڕی و بە ڕێگایەک بۆ دابینکردنی مافی یەکسان، بەشداریی دادپەروەرانە و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی دیکتاتۆریی ناساند.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، ڕۆژە عەزیزی داوای لە یەکیەتیی ئورووپا و ئەندامانی پارلەمانی ئورووپا کرد کە مافی مرۆڤ، مافی ژنان و مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بکەنە ناوەندی هەموو پەیوەندی و مامەڵەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.