کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاکس نیوز: خەڵکی ئێران نیگەرانن ڕێککەوتنی ترامپ لەگەڵ تاران ببێتە هۆی مانەوەی ڕێژیم

11:22 - 13 جۆزەردان 2726

لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و بەرنامەی ئەتۆمی نزیکە، بەشێک لە خەڵکی نێوخۆی ئێران نیگەرانی ئەوەن ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی مانەوەی ڕێژیم لە دەسەڵاتدا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی "فاکس نیوز"، لایەنگرانی گۆڕانکاری لە ئێران کە هیوایان بە گوشارەکانی ئەمریکا هەبوو، ئێستا ترسیان هەیە ڕێککەوتنێکی ڕووکەش، تەنیا تەمەنی ڕێژیم درێژ بکاتەوە و تێچووەکەشی لەسەر شانی خەڵک بێت.

لیزا دەفتەری، سەرنووسەری "فۆرین دێسک" ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی دارایی و سیاسییەوە لە لێواری داڕماندایە؛ ئەگەر واشنگتۆن لەجیاتی ڕێککەوتنێکی کاتی، پێداگری لەسەر گەمارۆکان بکات، دەسەڵاتی تاران لاواز دەبێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە خەڵکی ئێران دەڵێن، سەرەڕای داڕمانی ئابووری و سەرکوت، هێشتا هیوایان بە یەکگرتوویی و داهاتوو هەیە، بەڵام داوا دەکەن لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا دەنگی خەڵکی ئاسایی پشتگوێ نەخرێت.