بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی "جەبار مستەفا"، کوڕی جابر و لەدایکبووی وڵاتی عێراق، لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران گیانی لەدەست دا؛ ئەم ڕووداوە دۆسییەی پشتگوێخستنی تەندروستیی بەندکراوانی سیاسیی لە ئێراندا دووبارە هێنایەوە بەرباس.
جەبار مستەفا لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" سزای ساڵ و نیوێک بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و ماوەی پێنج مانگ بوو لە هۆڵی ٢ی بەندی ٧ی بەندیخانەی ئێڤیندا ڕاگیرابوو.
ناوبراو دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی جەڵتەی دڵ، پێویستیی خێرای بە خزمەتگوزاریی پزیشکی هەبووە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی و دۆخی نالەباری تەندروستیی بەندیخانەکەوە، کاری پێویستی بۆ نەکراوە و گیانی سپاردووە.
گیانلەدەستدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردووشدا چەندین بەندکراوی دیکە وەک جەمیلە عەزیزی لە قەرچەک، محەممەد مەنقەلی لە یەزد، مەریەم شاهروکی لە کەرەج، سوودابە ئەسەدی لە قەرچەک، ئەمیر نەیسی لە ئەهواز و ئەبولفەزل حوسێنی لە مەلایێر، بەهۆی بێبەشکردنیان لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە بەندیخانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەست دابوو.