کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی ناتۆ: ئێران بە نزیکبوونەوە لە هەڕەشەی ئەتۆمی، بشێوی و تیرۆریزم هەناردە دەکات

09:11 - 4 پووشپەڕ 2726

مارک ڕووتە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ستایشی هەوڵەکانی ئەمریکای بۆ پێشگرتن بە تەماحە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و هۆشداریی دا کە تاران لە هەناردەکردنی بشێوی و تێرۆریزم کە ئەمنییەتی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە، بەردەوامە.

ڕووتە دوای دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئێران لە بنەڕەتدا بە توانای ئەتۆمی گەیشتبوو و ئەمەش دەبووە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ناوچەکە و تەواوی جیهان.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەی گرووپی حەوتدا سەرجەم ڕێبەران پێشوازییان لە لاوازکردنی ئەم توانا ئەتۆمییەی ئێران کردووە.

سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ وەک ڕێبەری جیهانی ئازاد بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ئەمنییەتی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکا گرتووەتە ئەستۆ.

ئەم لێدوانانەی ڕووتە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە بڕیارە لە مانگی ژانویەدا لووتکەی گرنگی ڕێبەرانی ناتۆ بەڕێوە بچێت و دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بێت.