کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەر ژنە بەندکراوێکی سیاسیی کورددا

09:53 - 4 پووشپەڕ 2726

سۆهەیلا حیجاب ژنە بەندکراوی کورد و بەندکراوی سیاسیی پێشوو و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار کە ماوەی زیاتر لە ٥ مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، مەترسیی سەپاندنی سزای قورسی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سۆهەیلا حیجاب بیدسۆرخی کە ماوەی ٥ مانگە لە بەندیخانەی کەچوویی کەرەج دەسبەسەر کراوە، لە ڕەوتی دادگایی ئانلاینی چەند خولەکیدا لە یەکێک لە لقەکانی دادگای ڕێژیم لە فەردیسی کەرەج بە سەرۆکایەتیی محەممەدپوور بە چەند تۆمەتی بێ بنەما و نایاسایی تۆمەتباریان کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردپا، لەو بەناو دادگاییەدا، محەممەدپوور دادوەری ڕێژیم ئەو ژنە بەندکراوەی بە "هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی و نیزام"، "دروستکردنی گرووپی ناڕازی" و "لیدێریی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار" تۆمەتبار کردووە.

هەمان سەرچاوە باس لەوە دەکات کە ئەو بەندکراوە سیاسییە مەترسیی سزای قورسی لەسەرە.

ناوبراو لە ڕەوتی دادگاییدا لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.

سۆهەیلا حیجاب خەڵکی کرماشان و نیشتەجێی شاری کەرەجە و لە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٥دا دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی کەچوویی کەرەج ڕاگوێزراوە.