کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆبیۆ: پێویستە ئەرتەشی لوبنان کۆنتڕۆڵی خاکەکەی بکات نەک حیزبوڵڵا

15:44 - 4 پووشپەڕ 2726

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێویستە دەوڵەتی لوبنان و ئەرتەشی ئەو وڵاتە توانای کۆنتڕۆڵکردن و دابینکردنی ئەمنییەتی خاکی خۆیانیان هەبێت، نەک گرووپێکی تێرۆریستیی وەک حیزبوڵڵا.

ڕۆبیۆ لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ کوەیت ئاماژەی بە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنگتۆن کرد، ئەمەش دوای ئەوەی یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانیان لە باشووری لوبنان پاشەکشە ناکەن، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش داوایان لێ بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە تاکە هۆکاری ئامادەیی ئیسرائیل لە لوبنان، هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی حیزبوڵڵایە.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە واشنگتۆن دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم دانوستانانەوە سەروەریی دەوڵەتی یاسایی لوبنان جێگیر بکاتەوە.

ڕۆبیۆ وتیشی، ئیسرائیل چاوی لە خاکی لوبنان نییە و کێشەی لەگەڵ گەلەکەیدا نییە، بەڵکوو هەر کاتێک ئەرتەشی لوبنان بتوانێت ئەمنییەتی ناوچەکە بگرێتە دەست و کۆنتڕۆڵی حیزبوڵڵا کەم بکاتەوە، ئامادەیی سەربازیی ئیسرائیلیش لەو وڵاتەدا کۆتایی دێت کە ئەمەش ناوەڕۆکی سەرەکیی گفتوگۆکانی ئێستایە.