مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە سەفەرەکەیدا بۆ کەنداو گەیشتە کوەیت و لەگەڵ ئەمیر مەشعەل ئەحمەد کۆ بووەوە.
ڕۆبیۆ جەختی کردەوە واشنگتۆن هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا ناکات کە ئەمنییەتی وڵاتانی کەنداو بخاتە مەترسییەوە و ڕایگەیاند: "بەڵێنە سەربازییەکانی ئەمریکا واقیعی و کردەوەیین، نەەک تەنیا بەڵێنی سەر زارەکی."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشنیارەکەی ئێران بۆ وەرگرتنی باجی هاتوچۆی لە گەرووی هۆرمۆز بە توندی ڕەت کردەوە و وتی کە تەواوی جیهان دژی ئەم بیرۆکەیەن.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ئاماژەی بەوە کردووە ئەم هەڵوێستە هاوتەریبە لەگەڵ نیگەرانییەکانی وڵاتانی عەرەبی و نیشانەی پێداگریی واشنگتۆن لەسەر نێودەوڵەتیبوونی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەیە.
ڕۆبیۆ ڕایگەیاند گفتوگۆ تێکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران لە ٨ یان ٩ی پووشپەڕ لە سویس دەست پێ دەکەنەوە و داوای گەڕانەوەی خێرای پشکێنەرانی ئەتۆمیی کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێشتا پرسە گرنگەکانی وەک بەرنامەی مووشەکیی بالێستیک، دڕۆنەکانی ئێران و پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠٪ بە یەکلایی نەکراوەیی ماونەتەوە.