ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی دەوڵەتی ئێمارات، سەبارەت بە دۆخی گەرووی هۆرمۆز هۆشداری دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕایگەیاند کە ناتوانرێت "واقیعی نوێی ژیۆپۆلیتیکی" لە ڕێگەی "دەستدرێژییەکی لەناکاوەوە" بەسەر وڵاتانی کەنداودا بسەپێندرێت و جێگیر بکرێت.
قەرقاش لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕوونی کردەوە: "سەپاندنی ئەمری واقیعێک کە لە ناخی دەستدرێژییەوە لەدایک بووبێت، نابێتە هۆی سەقامگیری، بەڵکوو تۆوی نوێی ناڕێککەوتن و ململانێ بۆ داهاتوو دەچێنێت؛ ئەمەش بە تەواوی ئەو بابەتەیە کە بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا جێبەجێ دەبێت."
ئەم لێدوانە توندەی ئیمارات لە کاتێکدایە کە مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چوارچێوەی سەفەر بۆ ناوچەکە، لەگەڵ ئەندامانی شۆرای هاوکاریی کەنداو کۆ دەبێتەوە.
ڕۆبیۆ پێشتر لە کوەیت بە ڕوونی ڕایگەیاندبوو کە واشنگتۆن هیچ جۆرە باج و تێچوویەک بۆ هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆز قەبووڵ ناکات و ڕێگە نادات ئەمنییەتی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا لاواز بکرێت.