کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی کارەبا و کەمیی ئاو ژیانی خەڵکی تاڵتر کردووە

16:00 - 4 پووشپەڕ 2726

بە هاتنی وەزی هاوین و چوونەسەرەوەی پلەکانی گەرما لە زۆربەی پارێزگاکانی کوردستان و ئێراندا کارەبا پچڕاوە و کەمیی ئاوی خواردنەوە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.

بەپێی ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە پارێزگاکانی خووزستان، ئیلام، لوڕستان، تەورێز، ئەلبۆرز، تاران و چەند پارێزگایەکی دیکەدا لە ڕۆژدا چەندین کاتژمێر کارەبا دەپچڕێت و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە خووزستان وتوویەتی: "بە هاتنی وەرزی هاوین و چوونەسەرەوەی پلەی گەرما هەتا ٥٠ پلە، بەرنامەی پچڕانی کارەبا بڵاو کراوەتەوە".

هەروەها لە پارێزگای ئیلام سەرەڕای پلەی گەرمیی ٤٦، لە ڕۆژدا بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر کارەبایان لێ دەبڕن.

هاووڵاتییەکی ئیلامی هۆشداریی داوە کە ئەگەر ئەو ڕەوتە بەردەوام بێت، ئەوا خەڵکی تووڕە و وەزاڵەهاتوو ناڕەزایەتییەکانیان پەرە پێ دەدەن.

هەروەها لە تاران و چەندین گەڕەکی ئەو شارەدا کەمیی ئاو و پچڕانی کارەبا ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

هەروەها هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە پچڕانی کارەبا و کەمیی ئاو لەکاتێکدایە کە نرخی هەرکامیان چەندین قات گران بووە.

ئەم جۆرە سیاسەتە چەوسێنەرانەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە دۆخی بژێویی خەڵک بەهۆی بێکاری و هەڵاوسانەوە لەوپەڕی خراپیدایە و ئەم هەنگاوانەش وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت لە گیرفانی خەڵکی هەژار و کەمداهات دەبینرێت.

ئێران لە بواری سامانە سروشتی و سەرچاوەی ئاوییەوە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام بەهۆی ناکارامیی بەڕێوەبەرانی ڕێژیمەوە دەیان قەیرانی لەو چەشنە بەرۆکی خەڵکی گرتووە.