بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای زانیاری و ئەمنییەتی ئوسترالیا هۆشداریی دا کە ژینگەی ئەمنییەتیی ئوسترالیا بەهۆی هەڕەشەی هاوکاتی وڵاتانی پاوانخواز، تێرۆریزم و هێرشی سایبێرییەوە بارگاوی بووە و کۆماری ئیسلامی لە پشتی ئەو هێرشانەوەیە بەتایبەت دژی جووەکان.
مایک بێرجس، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای زانیاری و ئەمنییەتی ئوسترالیا ڕۆژی چوارشەممە ٣ی پووشپەڕ، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی هەڕەشە ئەمنییەتییەکاندا هۆشداریی دا کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە سیاسەتی دوژمنکارانە، پاوانخوازانە، دژە جوو و توندئاژۆیانە لە دژی ئوسترالیا گیراوەتە بەر.
بە وتەی بێرجس، لە ساڵی ٢٠١٤وە لانیکەم ٣١ پیلانی گەورەی تێرۆریستییان پووچەڵ کردووەتەوە کە کارەساتبارترینیان کوشتاری مەرگهێنەری جێژنی حەنۆکای جووەکان لە کەناراوی ناوچەی سیدنی بووە کە لە ئاکامدا کەس ١٥ کوژران.
ناوبراو زیادیشی کرد کە لەو ماوە زەمەنییەدا، پتر لە ١٥ دۆسییەی پێوەندیدار بە کاروباری تێرۆریسمیان گەیاندووەتە ئاکام.
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای زانیاری و ئەمنییەتی ئوسترالیا ڕاشکاوانە ڕاشیگەیاند کە دوو بکەری سەرەکیی ئەو هێرشە تێرۆریستییانە، کۆماری ئیسلامی و داعش بووە.
ئەو بەرپرسە ئەمنییەتییە ئوسترالیا لەبارەی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامییەوە لەو کردەوە تێرۆریستییانەدا و باسکردنی چەند نموونە لەو هەوڵانە وتی: "بەشی سەرەکیی ئەو کردەوانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە".
مایک بێرجس پێداگریی لەسەر ئەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی دەتوانێت پێش بە هەر هەوڵێکی تێرۆریستیی لەو چەشنە بگرێت.