شۆرای هاوکاریی کەنداو بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بەنیسبەت ڕێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران دژکردەوەیان نیشان دا و وێڕای هیواخواستن بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، پێداگرییان لەسەر دابینکردنی بەرژەوەندیی وڵاتانی کەنداو لە هەر ڕێککەوتننامەیەکدا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی پووشپەڕ، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای هاوکاریی کەنداو و مارکۆ ڕۆبیۆ وزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پێتەختی بەحرەین، وڵاتانی ئەندام لەو شۆرایە داوایان لە نوێنەری ئەمریکا کرد کە لە بیری ڕێگەچارەی بەهێزکردنی ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەکەدا بن.
ئەو شۆرایە پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە لە هەر لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتننامەیەکدا دەبێت بەرژەوەندیی وڵاتانی کەنداو لە بەرچاو بگرێت و یارمەتیدەری سەقامگیریی ناوچە و پاراستنی دەسکەوتە ئابوورییە گەشەکردووەکان بن.
مارکۆ ڕۆبیۆ، پێش سەردانی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی لە کەنداو، ڕایگەیاندبووە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتاییدا، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادرێت باج یان تێچووی زیادە لە گەرووی هۆرمۆز لە کەشتییەکان وەربگرێت.
سنووردارنەکردنی مووشەکەکانی ئێران و تەرخانکردنی سندووقێکی ٣٠٠ میلیارد دۆلاری بۆ تاران، ترسێکی گەورەی لای وڵاتانی کەنداو دروست کردووە؛ چونکە دەترسن ئەم بودجەیە بۆ بەهێزکردنی گرووپە نیابەتییەکان بەکار بهێنرێت. بەتایبەت بەحرەین لە هاندانی ناڕەزایەتیی نێوخۆیی نیگەرانە.
پێشتریش ڕۆیتێرز ئاماژەی بەوە کردبوو کە دانپێدانانی ئەمریکا بە ڕۆڵی ئێران لە داهاتووی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆزدا، مەترسییە بۆ سەر هەناردەی وزەی عەرەبستان، کوەیت و قەتەر.