پۆلیسی وڵاتی مۆنتەنگرۆ کەسێکی ئێرانیی تەمەن ٣٩ ساڵانی دەسبەسەر کرد کە بەهۆی هێرشی سایبێرییەوە نزیک بە ٣.٤ میلیارد دۆلار زیانی بە ژێرخانە ئابوورییەکانی ئەمریکا گەیاندبوو.
پۆلیسی مۆنتەنگرۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەو تاوانبارە لە ساڵی ٢٠١٣ هێرشێکی سایبێریی دژی زیاتر لە ١٥٠ زانکۆی ئەمریکا دەست پێ کرد کە زیانەکانی بە ٣.٤ میلیارد دۆلار دەخەمڵێندرێت".
بە وتەی پۆلیسی ئەو وڵاتە، دۆسییەی ئەو کەسە دوای داواکاریی ئەمریکا دراوە بە دادگای باڵای پێتەختی مۆنتەنگرۆ.
لە بەیاننامەدا هاتووە کە هەموو داتا و زانیارییەکانی ئەو زانکۆیانەی ئەمریکا کە هێرشی سایبێرییان کراوەتە سەر، دراوە بە سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی تاران.
شایانی باسە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین سیخۆڕ و تاوانباری و تێرۆریستی سەر بە سپای پاسداران لە وڵاتانی بریتانیا، ئوسترالیا، کانادا و چەندین وڵاتێکی دیکە دەسبەسەر کراون.