کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەڕەشە لە هێڵە هاوتەریبەکانی هاتووچۆ لە گەرووی هۆرمۆز دەکات

14:03 - 5 پووشپەڕ 2726

کازم غەریب‌ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەی کرد کە دابینکردنی ئەمنییەتی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا لە دەرەوەی تێڕوانین و چاوەدێرییەکانی ڕێژیمی ئێران گەرەنتی ناکرێت.

غەریب‌ئابادی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "پەڕینەوەی ئارام لە گەرووی هۆرمۆز بە ڕێکخستنی تەمومژاوی، ڕێڕەوە هاوتەریبەکان یان بڕیاردان لە دەرەوەی تێڕوانینەکانی ئێران وەک دەوڵەتی کەناراو، مسۆگەر نابێت."

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ئیدیعای کردووە کە هەر چوارچێوەیەکی باوەڕپێکراو دەبێت لەسەر بنەمای هاواهەنگی لەگەڵ ئێران و بەپێی بەندەکانی لێکتێگەیشتنی ئیسلام‌ئاباد بێت، بە پێچەوانەوە دەرەنجامەکەی دەبێتە هۆی ڕاگرتنی ئەو ڕێڕەوە هاوتەریبە دیاریکراوانە.

ئەم هەڕەشانەی تاران تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە دێن کە کەشتییەکی بارهەڵگر لە گەرووی هۆرمۆز و لەنێو ئاوەکانی عوماندا لەلایەن دڕۆنێکی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە کرایە ئامانج.

ئەم هەڕەشانە نیشان دەدات کە ڕێژیمی ئێران دەیەوێت بە ستراتێژیی "تێرۆریزمی دەریایی" و هێزی چەکداری، بازرگانیی جیهانی و هێڵە ئارامەکانی وزە لە گەرووی هۆرمۆزدا بە بارمتە بگرێت، تا لەم ڕێگەیەوە باج لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەربگرێت و شکستی سیاسەتە ناوچەییەکانی بشارێتەوە.