مەسعوود خەلیلی چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو دوای ١١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، چارەنووسی نادیارە و لە شوێن و هۆکاری دەسبەسەرکرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم نیوەشەوی ٢٥ی جۆزەردان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەسعوود خەلیلی چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی بۆکان و دوای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کردووە.
زانیارییەکانی کوردپا دەرخەری ئەوەیە ئەو هێزانەی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی و نیشاندانی حوکمی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
ئەو سەرچاوە پشتڕاستی کردەوە کە بنەماڵەی ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە دراون، جەستەیان بریندار کراوە و چەند ئەندامێکی جەستەیان شکێندراوە.
هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە زاییارییەک لە شوێنی ڕاگیران، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.