لە بەردەوامیی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە ناڕەواکان و پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، ٩ ڕۆژە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد نادیارە.
سامان زیندەپیل تەمەن ٤٠ ساڵە، خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ لە بەشەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسی، لە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی و حوکمی دادوەری دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە مافە سەرەتاییەکانی وەک پەیوەندیی تلفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گرتن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سامان کراون لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەداوە.