لە درێژەی کاردانەوە توندەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی شۆرای هاوکاریی کەنداو، ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم، بەتوندی هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەڕەشەی لە وڵاتانی کەنداو کرد و وتی: "قومارکردن لەسەر سێناریۆکانی ئەمریکا، سەقامگیری و ئەمنییەتتان لەنێو دەبات."
ناوبراو ئاماژەی بە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی پێشووی ڕێژیم بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا کرد و ئیدیعای کرد کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەدا بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە نەک دابینکردنی ئەمنییەت.
عەزیزی لەم پێگەیەوە جەختی کردووەتەوە کە "توانای مووشەکی، دڕۆنی و بەڕێوەبردنی گەرووی هۆرمۆز" هێڵی سووری جیددیی ئێرانن.
ئەو لێدوانە لە ڕاستیدا دانپێدانانێکی ئاشکرایە بەوەی تاران ڕێڕەوە دەریاوانییە نێودەوڵەتییەکان وەک بارمتە بۆ مانەوەی خۆی بەکار دەهێنێت.