کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ڕووی ئەشکەنجەوە لە لووتکەی مەترسیدارترین وڵاتانی جیهاندایە

08:42 - 6 پووشپەڕ 2726

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی پشتگیری لە قوربانییانی ئەشکەنجە، ڕێکخراوی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە، ئێرانی وەک یەکێک لە خراپترین و مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی ئەشکەنجەوە دەستنیشان کرد و جەختی کردەوە لە ئێراندا ئەشکەنجە نەک حاڵەتێکی ناوازە بەڵکوو خودی سیستمەکەیە و ئامرازێک بۆ حوکمڕانییە.

ئەم ڕێکخراوە کە بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە پشتی بە حەوت تەوەری سەرەکی بەستووە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی؛ ئێران لە شەش تەوەری سەرەکیی ئەم پێنوێنەدا (بەڵێنی سیاسی، توندوتیژیی پۆلیس، پارێزراوبوونی تاوانباران، مافی قوربانییان، مافی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی گشتی) لە قەیراناویترین ئاستی گونجاودایە و لە بواری دۆخی گرتووخانەکانیشدا لە ئاستی "مەترسیدار"دا جێگیر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پەرەسەندنی سەرکوتکارییەکان لە دوای پێکدادانە سەربازییەکانی ساڵی ڕابردوو، مەترسیی دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ئەشکەنجەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر کردووە.

ئەم بەڵگەنامەیە جەخت دەکاتەوە کە ئەشکەنجە لە ئێراندا نەک حاڵەتێکی ناوازە، بەڵکوو ئامرازێکی سیستماتیک بۆ حوکمرانییە کە لە ناو جەرگەی یاسا و ڕێکارە دادوەرییەکاندا چەسپێنراوە؛ دادگاکانیش تەنیا پشت بە "دانپێدانی زۆرەملێ" دەبەستن.

بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنە، ژنان و کچان، نەتەوە ژێردەستەکان، کۆمەڵگەی ئێڵ‌جی‌بی‌تی‌کیو، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران زیاتر لە کەسانی دیکە لە بەردەم مەترسیی ئەشکەنجە، دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی و شێوازەکانی دیکەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدان.

هەروەها تاران تا ئێستا نەبووەتە ئەندامی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دژ بە ئەشکەنجە و سزای دڕندانەی وەک قامچی لێدان و بڕینەوەی جەستە پەیڕەو دەکات.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم هەزار و ٦٣٩ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.

لە کۆتاییدا، ڕێکخراوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران تا لەسێدارەدان ڕاگرێت و بۆ پشکینینی زیندانەکان ڕێگە بە لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات.