ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لەسەر بانگهێشتی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش لە دەڤەری هۆلابرون، محەممەد فەقێعەلی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە، بەشداریی لە کۆنفرانسی ئەو حیزبەدا کرد.
کۆنفرانسی حیزبی سۆسیال دێموکرات ٤ ساڵ جارێک دەگیردرێت و تێیدا بە ڕابردووی ئەو حیزبەدا دەچنەوە و بەرنامەی داهاتوو دیاری دەکەن و هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرایەتی تازە بۆ داهاتوو لەم دەڤەرە دەکرێت.
جگە لە نوێنەرانی حیزبەکە لە هەموو شارەکانی دەوروبەر، چەندین پارلەمانتار و بەرپرسی حیزبەکە لەسەر ئاستی شار و ناوچە و پارێزگادا بەشداری ئەم کۆنفرانسە بوون. لەوانە سێڤن هێرگۆریچ بەرپرسی حیزبی سۆسیال دێموکرات لە پارێزگای نیدەرئۆسترایش و ئەندام پارلەمانان مێلانی ئێراسیم و ڕودۆلف سیلڤان.
نوێنەری حیزب توانیی لەگەڵ هەر یەک لە سێڤن هێرگۆریچ و روودۆلف سیلڤان لەسەر پرسی کورد بەگشتی و حیزبی دێموکرات بەتایبەتی و کار و تێکۆشانەکانی ئەو حیزبە لە وڵاتی ئوتریش و هەروەها لەسەر ئاستی ئورووپا گفتوگۆ بکات. ناوبراو هەروەها باسی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرد.
سێڤن هێرگۆریچ و روودۆلف سیلڤان داوایان کرد کە لە شوێنی کارەکەیان نوێنەری حیزب سەردانیان بکات بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر لە زانیارییەکانی کەڵک وەرگرن و لە نزیکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن.