نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی بە هەڵە و نایاسایی ناو برد و ڕایگەیاند کە دەبێت ئەم ڕێککەوتننامەیە بە لێکتێگەیشتنی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا بگۆڕدرێت.
قاسم جەختی کردەوە کە حیزبوڵڵا تا کاتی کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل لە لوبنان، لە سەر گوشارەکانی بەردەوام دەبێت.
سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا داوای لە دەوڵەتی لوبنان کرد کە ڕێککەوتنی نێوان بەیرووت و تێلاڤیڤ وەلا بنێت و ئاماژەی بەوە دا کە مەرجدارکردنی کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بە داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا، بەزاندنی "هێڵە سوورەکانە".
پێشتر مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کاتی واژۆکردنی چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لوبنان، ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ئەم ڕێککەوتنە ڕێڕەوێکی ڕوون و ڕێکخراو بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی لوبنان، داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانەکانی ئەو گرووپە دەڕەخسێنێت.