کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین هێرشی دڕۆنیی ڕێژیمی تاران بۆ سەر وڵاتەکەی مەحکووم کرد

19:47 - 6 پووشپەڕ 2726

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی چەند دڕۆنێکەوە خاکی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج و بە توندی ئەم کارەی مەحکووم کرد.

لە بەیایننامەی وەزارەتی دەرەوەی بەحرەیندا، ئەو هێرشەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە و دەروەست نەبوونی بە ڕێککەوتننامەی ئیسلام‌ئاباد لەگەڵ ئەمریکا لەقەڵەم دراوە.

هەروەها لەو بەیاننامەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو هێرشە دڕۆنییە، هەڕەشە دژی ئەمنییەتی هاووڵاتییانی بەحرەین و دانیشتووانی ئەو وڵاتەیە و ئەوەش بەڕوونی پێشێلکردنی یاساوڕێسای نێونەتەوەییە.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاند: "ئەو جۆرە هێرشانەی کۆماری ئیسلامی هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزی و لە ئاکامدا ئەم کردەوانە ڕەوتی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە لاواز دەکات".

 وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی ئیسلام ئاباد کرد کە تێیدا کۆماری ئیسلامی بەڵێنی داوە کە هەموو هێرشێکی سەربازی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە ڕابگرێت و ڕێز لە سەروەریی ئەو وڵاتانە بگرێت، بەڵام ئەم هێرشە دەرخەری ئەوەیە کە تاران دەروەست بە بەڵێنییەکانی خۆی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی نییە ".

لە کۆتاییدا بەحرەین بۆ بەرگرییکردن لە سەروەری، ئەمنییەت و سەقامگیریی وڵاتەکەی داوای لە شۆرای ئاسایشی نێونەتەوەیی کردووە کە بەرپرسایەتیی خۆی لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٨١٧ و وڵامدانەوەی بە بکەرانی ئەو هێرشە بگرێتە ئەستۆ.