کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین: خاکی وڵاتەکەمان لە لایەن چەند دڕۆنێکی ئێرانییەوە کرایە ئامانج

19:54 - 6 پووشپەڕ 2726

هێرشی درۆنیی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی بەحرەین، ئاستی گرژییەکانی کەنداوی بەرز کردەوە و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڕەشەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا، کاردانەوەی توندی وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٦ی پووشپەڕ، لەلایەن چەند دڕۆنێکی ڕێژیمی ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر خاکەکەی و ئەو هێڕشانەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی هەڕەشەیەکی ڕوون بۆ سەر ئەمنییەتی هاووڵاتییان و دانیشتووان و پێشێلکردنی نەریت و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ناو برد و بەتوندی مەحکوومی کرد.

ئەم ڕووداوە تەنیا ٤٨ کاتژمێر دوای سەردانی مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەحرەین و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی شورای هاوکاریی کەنداو دێت.

لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت بە توندی ئەم هێرشە دڕۆنییەی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ئامانجگرتنی بەحرەین دەبێتە هۆی تێکدانی مەترسیداری هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

کوەیت جەختی لە هاوپشتیی تەواوی خۆی لەگەڵ مەنامەدا کردەوە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەی، لە کاتێکدا بەحرەین ڕێژیمی ئێرانی بە بەرپرسیار لە تێکدانی ئاشتی و هەناردەکردنی ئاژاوە لە قەڵەم دا.