کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەسەرەوەی ١٣٤ لەسەدیی نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان تەنیا لە یەک ساڵدا

11:10 - 7 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی ئابووریی ڕێژیم و دیاریکردنی نرخی فەرمیی هەڵاوسانی ساڵی ڕابردوو، نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا زیاتر لە دوو قات چوونەسەرەوەیان بە خۆوە بینیوە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی ئابووریی ڕێژیم، هەڵاوسانی مانگانەی مانگی جۆزەردان ٥.٩ لەسەد بووە و لە گرووپی پێداویستییە خۆراکییەکاندا پێوەری ٦.٨ لەسەد و پێداویستییەکانی غەیرە خۆراکییەکان ٥.٣ لەسەد دیاری کراوە.

هەروەها لە هەڵاوسانی خاڵبەخاڵدا چوونەسەرەوەی نێونجی نرخەکان لە ماوەی زەمەنیی ١٢ مانگەدا واتە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو هەتا جۆزەردانی ئەمساڵ، ٨٨.٦ لەسەد بووە.

لەو ئامارانەدا، گرووپی پێداویستییە خۆراکییەکان هەڵاوسانی ١٣٤ لەسەدی، پێداویستییەکانی نێوماڵ وەک مۆبل و کەرەستەکانی هاتوچۆ نرخی ١٠٠ لەسەدیان بە خۆوە بینیوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ نزیکەی ٩٠ لەسەد بووەتەوە، هەڵاوسانی مانگانە ٥ لەسەدی تێپەڕ کردووە و ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش گەیشتووەتە ٦٢ لەسەد و هاوكات کەلێنی هەڵاوسان لە نێوان دەهەکە جیاوازەکانی داهاتدا بەراورد بە مانگی ڕابردوو زیاتر بووە.

شایانی باسە چەندین جار وەزارەتە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم ئەو هەڵاوسان و گرانییانەی بۆ دۆخی شەڕ گەڕاندووەتەوە.

پەیمان عالەمی، بەرپرسی ژووری ڕێکخراوە سێنفییەکانی کشتوکاڵی ئێران، ئەو دەنگۆ و پاساوانەی ڕەت کردەوە کە گرانییەکانی ئەم دواییەی بازاڕ بۆ بارودۆخی شەڕ دەگێڕنەوە و ڕایگەیاند: "بە ڕاشکاوی دەیڵێم، من هیچکام لەم هەڵاوسانانە بە هۆکاری شەڕ نازانم، بەڵکوو ئەوەی دەیبینم تەنیا ناکارامەیی بەڕێوەبەری و لاوازیی بەڕێوەبردنە".