کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاری بەپەلەی بەحرەین لە شۆرای ئەمنییەت لەسەر هێرشەکانی ئێران

14:26 - 7 پووشپەڕ 2726

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین دوای هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران، بە مەبەستی وڵامدەرکردنی ڕێژیمی تاران داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی شۆرای ئەمنییەتی کرد.

بەحرەین ئەم هێرشانەی بە "پێشێلکاریی بەئەنقەست و دووبارەی" سەروەریی وڵاتەکەی و هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە ناو برد.

ئەم ئاڵۆزییە نوێیە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە سپای پاسداران ڕایگەیاند وەک وڵامێک بۆ بۆردومانەکانی واشنگتۆن لە باشووری ئێران، بە مووشەکی بالستیک بنکەکانی ئەمریکای لە کوەیت و بەحرەین پێکاوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، تارانی بە پێشێلکردنی ئاگربەست و هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبار کرد و سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێکاری سەربازیی قورستر هۆشداریی دا.

هێرشەکانی ئێران شەپۆلێکی توندی مەحکوومکردنی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە و عەرەبستان، ئێمارات، ئۆردۆن و شۆرای هاوکاریی کەنداو ئەم هەنگاوانەیان بە تێکدەری پرۆسەی هێورکردنەوەی دۆخەکە دانا.

هاوکات قەتەر، وەک نێوبژیوانی سەرەکیی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران، هێرشەکەی سەر بەحرەینی بەتوندی مەحکووم کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو برد.