لە درێژەی شەڕ و ئاڵوزییەکانی یەک حەفتەی ڕابردوو لە نێوان ئەرتەشی ئیسرائیل و گرووپی حەماس، ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای دیکەی ئەو گرووپەی لە غەززە ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەرتەشی ئیسرائیل، دوو فەرماندەی باڵای حەماس کە لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا دەستیان هەبووە بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان ماهێر عەبدولکەریم زیاد و کەماڵ محەممەد حەمدان نەجاڕی لە ناوچەکانی ئەلتاشی و خان یوونس کردووەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، عەبدولڕەحمان ماهێر عەبدولکەریم زیاد فەرماندەی یەکەیەکی سەربازیی حەماس کە لە هێرشی ٧ی ئۆتۆبردا بەشداریی چالاکانەی هەبووە، لە ناوچەی ئەلشاتیی غەززە کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
هەروەها کەماڵ محەممەد حەمدان نەجاڕ، سەرۆکی یەکەی توونێل سەر بە باڵی سەربازیی حەماس، لە ناوچەی خان یوونس لە هێرشێکی جیاوازی دیکەدا کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل زیادیشی کرد کە لەو ماوەی شەڕدا، ئەم تێرۆریستانە هەوڵیان داوە چەندین هێرشی سەربازیی گەورە لە دژی ئیسرائیل گەڵاڵە بکەن.
شایانی باسە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕ، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: "وەلید هەنییە جێگری فەرماندەی گرووهانی نۆخبە سەر بە باڵی چەکداریی حەماس کە دەستی لە دەیان کردەوەی تێرۆریستیدا هەبوو، کردووەتە ئامانج".
وەلید هەنییە برازای ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی حەماس بووە کە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ لە شوێنی مانەوەکەی لە تارانی پێتەختی ئێران کوژرا.