توورەج سەرباز، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ڕاوێژکارانی خانوبەرە ڕایگەیاند لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا نرخی خانوبەرە ٨٠ لەسەد زیادی کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد بانکەکان بە قۆستنەوەی ناسەقامگیربوونی بازاڕ و لە ڕێگەی دەڵاڵەکانەوە، نەختینە دەخەنە ئەم کەرتە و نرخەکان بەرز دەکەنەوە.
ئەم بازدانە لەکاتێکدایە ناوەندی ئامار بە چەواشەکاری، ڕێژەی گەشەکەی تەنیا ٣٥ لەسەد داناوە، لە کاتێکدا هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی گشتیی ئێران گەیشتووەتە ٨٨.٦ لەسەد.
ئەم دۆخە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بژێوی خەڵک و فەریبورز حەسەنی، چالاکوانی کرێکاری ڕایگەیاند پشکی تێچووی نیشتەجێبوون لە سەبەتەی بنەماڵەیەکی کرێکار و مووچەخۆردا گەیشتووەتە ٥٠ تا ٧٠ لەسەدی کۆی داهاتیان، لە کاتێکدا بەپێی پێوەرە ئابوورییەکان نابێت لە ٣٠ لەسەد تێپەڕێت.
هاوکات لەگەڵ لەدەستدانی نیوەی بەهای ڕیاڵ لە یەک ساڵی ڕابردوودا، نرخی کەرەستەکانی بیناسازی لە زستانی ١٤٠٤دا بە ڕێژەی ٩٧ لەسەد گران بووە.
بە لەبەرچاوگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کۆمەڵگەکانی پۆڵا و بەرزبوونەوەی نرخی سیمان، پێشبینی دەکرێت دۆخی هەڵاوسان لەم کەرتەدا بەرەو خراپتریش بڕوات.