کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنی کاتیی واشنگتۆن و تاران بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان

08:50 - 8 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمریکا و ئێران لەسەر ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا ڕێککەوتوون.

کۆشکی سپی بە کاناڵی "فاکس نیوز"ی ڕاگەیاند: "بڕیارە گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە سەرجەم بوارەکانی لێکتێگەیشتنەکەدا بەردەوام بن. لە ئێستادا هەردوو لایەن لە پێگەکانی خۆیان پاشەکشە دەکەن و کەشتییەکان دەتوانن بە ئازادی هاتوچۆ بکەن."

ئەم لێکتێگەیشتنە دوای پەرەسەندنی توندی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە دێت؛ کاتێک سێنتکام لە وڵامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر نەوتهەڵگری (M/T Kiku) لە نزیک گەرووی هۆرمۆز، چەند ئامانجێکی لە نێوخۆی ئێران بۆردومان کرد و لە بەرانبەردا تاران دیسان هێرشی کردە سەر کوەیت و بەحرەین.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئێران ڕێگە بە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز دەدات و ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لا دەبات.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت هێڵێکی تلفۆنی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەرتەشی ئەمریکا و سپای پاسداران بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆی دەریایی دابمەزرێت.