مایک واڵتز نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هۆرمۆزدا لە هەڕەشەکردن و بەئامانجگرتنی کەشتییە نێونەتەوەییەکان بەردەوام بێت، ژێرخانە سەربازییەکانی دەکەینەوە ئامانج.
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕ، مایک واڵتز لە وتووێژێکدا لەگەڵ فاکس نیوز ڕایگەیاند: "ئەگەر کۆماری ئیسلامی تەنانەت بۆ چرکەیەکیش وا بیر بکاتەوە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەرانبەر هێرش بۆ سەر کەشتیوانیی نێونەتەوەیی یان بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دژکردەوە نیشان نادات، لە هەڵەدایە".
واڵتز ڕاشیگەیاند ئەمریکا لە کاتی پێویستدا، هەموو هەوڵێکی سەربازی بۆ لەنێوبردنی ئەو ژێرخانانەی کە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نایاسایی ڕێگایەکی ئاویی نێونەتەوەیی کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت، دەخاتە گەڕ.
نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیادیشی کرد کە دۆناڵد ترامپ باوەڕی بە دیپلۆماسی هەیە، بەڵام سەبری ئەو هەمیشەیی نییە.
ناوبراو پێداگریی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ترامپ بژاردەیەکی دیکەی لەسەر مێزدا نییە و ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی هیچکات دەستی بە چەکی ناوکی نەگات.