کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران قەیرانی ئابووریی ئێران بۆ ڕاکێشانی هێز بۆ حیزبوڵڵا دەقۆزێتەوە

09:24 - 8 پووشپەڕ 2726

میدیای عیبری ئاشکرایان کردووە کە سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی مرۆیی حیزبوڵڵای لوبنان لە شەڕی ئیسرائیلدا، دەستی بە هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەیی بۆ ڕاکێشانی لاوانی ئێران لەژێر ناوی "ئەرکی ئایینی" کردووە و لە بەرانبەردا مووچەی مانگانەی ١٠٠٠ دۆلار پێشنیار دەکات.

ماڵپەری "نەتسیو" لەمبارەوە ڕایگەیاند کە ئاگادارییەکانی دامەزراندنی گشتی، لاوانی ئێران هان دەدەن لە بەرانبەر وەرگرتنی ئەم مووچەیەدا لە ڕیزەکانی حیزبوڵڵادا ببنە خۆبەخش.

ئەم ماڵپەڕە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕیارە وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ستراتێژیی حیزبوڵڵادا دەبینرێت، چونکە ئەم گرووپە پێشتر تەنیا پشتی بە هێزی نێوخۆیی شیعەکانی لوبنان دەبەست.

پێشنیارکردنی ئەم بڕە پارەیە لە کاتێکدایە کە کەمترین مووچە لە ئێراندا لە ١٤٠ دۆلار تێپەڕ ناکات؛ ئەمەش دەری دەخات کە کۆماری ئیسلامی قەیرانی ئابووری و بێکاریی لاوان و تەنانەت پێویستیی هێزە بەسیجییەکان بۆ تێوەگلانیان لە شەڕە نیابەتییەکاندا دەقۆزێتەوە.

لە کاتێکدا میدیاکانی سەر بە ڕێژیم لە تاران بە پڕوپاگەندەی سیاسی باس لە ناونووسینی میلیۆنی دەکەن، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ئەم ئامارانە تەنیا نمایشێکی سەمبولیکن.

سپای تێرۆریستیی پاسداران لەجیاتی چارەسەرکردنی قەیرانی نێوخۆیی، بودجەی وڵات بۆ پڕچەککردن و ڕاهێنانی گرووپە چەکدارە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە تەرخان دەکات.