کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی سایبێریی ئیسرائیل: هێرشەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦دا سێ هێندە زیادیان کردووە

09:48 - 8 پووشپەڕ 2726

بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشە سایبێرییەکانی ئێران لە کاتی دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

یوسی کارادی، بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی میللیی سایبێریی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی "دی ڤێڵت"ی ئاڵمانی ڕایگەیاند کە لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٥دا نزیکەی هەزار و ٦٠٠ ڕووداوی سایبێریی دوژمنکارانە تۆمار کرابوون، بەڵام لە ژوئەنی ٢٠٢٦دا ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە ٤ هەزار و ٨٠٠ هێرش.

کارادی لەم چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بەوە کرد: "هەندێک لەم گرووپە هەکێرانە زۆر کارامەن. ئێمە دەتوانین ڕووبەڕوویان ببینەوە، بەڵام دەبێت بە جیددییان وەربگرین. بەپێچەوانەی گۆڕەپانی شەڕی مەیدانییەوە، لە جیهانی مەجازیدا هیچ ئاگربەستێک بوونی نییە."

بە وتەی ناوبراو، هێرشەکان ژێرخانە هەستیارەکان، دامەزراوە ناوەندییەکان، کۆمپانیا بچووکەکانی وەک نووسینگەکانی پارێزەری و ژمێریاری و خەڵکی مەدەنیان کردووەتە ئامانج.

کارادی جەختی کردەوە کە توانیویانە هێرشی سەر ژێرخانە گرنگەکان بەرپەرچ بدەنەوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایانەی پاراستنیان لاواز بووە، سیستمی کامپیوتێرییان بە تەواوی پاک کراوەتەوە.