کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ڕێژیم لە عومان؛ شوێنکەوتنی وڵاتانی کەنداو متمانەی نێوانمان لەنێو دەبات

10:29 - 8 پووشپەڕ 2726

عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری نێودەوڵەتیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، هۆشدارییەکی کەموێنەی دایە عومان و ڕایگەیاند کە هاوڕایی مەسقەت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، وێنە ئەرێنییەکەی لە لای تاران دەشێوێنێت.

ناوبراو داوای لە عومان کرد، وەک دەوڵەتێکی کەناراوی گەرووی هۆرمۆز، بۆ وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان هاوڕای بڕیارەکەی ئێران بێت.

ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە کە عومان پێشتر لە کاتی دیدار لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، دژایەتیی خۆی بۆ ئەم جۆرە باجانە دەربڕیبوو.

هاوکات، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیم بۆ یەکەم کۆبوونەوەی "لێژنەی هاوبەشی هۆرمۆز" بۆ تاوتوێکردنی بەڕێوەبردنی ئەو ڕێڕەوە گەیشتە مەسقەت.

ویلایەتی هێرشی توندی کردە سەر بەحرەین و بە پێشکەشکردنی هاوکاری بە ئەمریکا لە شەڕی ئەمدواییەدا تۆمەتباری کرد و وتی: "دەبێت بەحرەینییەکان سنووری خۆیان بزانن و ئێران ناچار بە بڕیاری توند نەکەن."

کۆماری ئیسلامی لە کاتی شەڕی ٤٠ ڕۆژە و ئاگربەستی ئێستادا، چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر کوەیت و بەحرەین.

ئەو بەرپرسە توندئاژۆیەی ڕێژیمی ئێران هەروەها ڕەخنەی توندی لە ئیمارات و کوەیتیش گرت و بە "بێ‌شەرم" ناوی بردن.