ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە شەشەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی ژینگە لە پاوە شەهیدان موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و پێداگریی لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی شەهیدانی ژینگەی کوردستان کردەوە.
لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریواندا هاتووە کە "تایبەتمەندیی کەسی تێکۆشەر، نیشتمانپەروەری و لە بەرەی ڕاستەقینەبوونی گەلە، ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەو بیر و هزرە ژیانبەخشەیە کە ڕۆحی گیانفیدایی و خۆنەویستی و لێبڕاوی لەو کەسانەدا پێک ئەهێنێت".
هەروەها لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە گیانبازیی و فیداکاری ئەو شەهیدانە کراوە و نووسراوە: "دڵ و هزر و هەڵسوکەوتیان ئاوێتەی ڕاستەڕێگای بیری سەوز و ئامانجیان سەروەریی خاکی پیرۆزی نیشتمان بوو، هەر بەو چەشنەش چوونە ڕیزی نەمران و سوورخەڵاتانی خاک و گەلەوە".
لە کۆتاییشدا هاتووە کە "لە کاتێکدا شەشەمین ساڵی کۆچی سوورتان تێئەپەڕێنین، تەوژمی سووتمان و کاولکاری و تاڵان هێشتا بەردەوامە و هاوڕێبازانتان شێلگیرانەتر و بەهێزتر لە پێشوو ڕێگا ئەبڕن و ناو و تێکۆشانی بەبایەختان بووە بە هەوێن و وانەی لەسەرپێبوون و کۆڵنەدری تا گەیشتن بە دەریای هێمنی و سەقامگیریی و نەهێشتنی سێبەری ڕەشی دێوەزمەی فەوتان، سووتان، تاڵانی سامانی نەتەوەیی و ژینگەیی لە ئاستی ڕووبەری خاکی پیرۆزی نیشتماندا".
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگەپارێز بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە چووبوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرکە بوون، شەهید بوون.
شایانی باسە هەرکام لە شەهیدان یاسین کەریمی و موختار خەندانی ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.