ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕ، لانیکەم ١٠ کۆبوونەوەی نەڕەزایەتیی بەربڵاو لەلایەن خانەنشینان، مامۆستایانی زانکۆ و کرێکاران لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران، لەوانەش کرماشان، ئەهواز، ئێسفەهان، شووش، دێزفوول، تاران، ڕەشت، مەشهەد و یاسووج بەڕێوە چوو.
لە کرماشان و چەندین شاری تر، خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پیشەسازیی پۆڵا ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەوان دژ بە پێنەدانی سەرباقی مووچەی مانگەکانی خاکەلێوە و بانەمەڕ، کێشەکانی بیمەی تەواوکاری و جێبەجێنەکردنی یاساکانی هاوتاکردنی مووچە ناڕەزایەتییان دەربڕی و جەختیان کردەوە کە کورتھێنانی بودجە نابێتە بیانوو بۆ پێشێلکردنی مافەکانیان.
هاوکات، ئەندامانی دەستەی زانستیی زانکۆکانی یاسووج بە بەرزکردنەوەی دروشمی وەک "داواکاری ئێمە ڕوونە؛ بەڕێوەبردنی یاسا"، داوای ڕێکخستنەوە و چاکسازیی مووچەکانیان کرد.
لە لایەکی تریشەوە، کرێکارانی کارگەی ڕستنی "خاوەر" لە ڕەشت، دژ بە نائەمنیی پیشەیی، دواکەوتنی سێ مانگ مووچە و حەقی بیمە و ١١ ساڵ تێچووی ساڵانەی خزمەت، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ڕەخنەگران و بەشداربووان ڕایانگەیاند کە ناکارامەیی بەڕێووەبردن و جێبەجێنەکردنی یاسا، دۆخی بژێویی توێژە جیاوازەکانی قەیراناوی کردووە.