کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی ئاڵۆزییە نوێیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا

11:54 - 8 پووشپەڕ 2726

هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی گرژیی نوێ لە گەرووی هۆرمۆز، نرخی نەوت دوای دابەزینە توندەکەی حەفتەی ڕابردوو، جارێکی تر ڕووی لە بەرزبوونەوە کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕ، بەهۆی هێرشە نوێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە بووەتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی گواستنەوەی وزە لە ڕێگەی گەرووی هۆرمۆزەوە، نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە نزیکەی ٧٢ دۆلار و ٥٧ سێنت و نەوتی خاوی ئەمریکاش (WTI) گەیشتە ٧٠ دۆلار و ١١ سێنت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی زیاتر لە لەسەدا چوار دابەزیبوو بۆ ٧١ دۆلار و ٩٩ سێنت و نەوتی ئەمریکاش بۆ ٦٩ دۆلار و ٢٣ سێنت دابەزیبوو.

دوای هێرشە دووبارەکانی ڕێژیم لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا، لەوانەش هێرشکردنە سەر نەوتهەڵگرێکی قەتەری کە کاردانەوەی توندی ئەمریکای لێکەوتەوە، هاتوچۆی دەریایی لەم ڕێڕەوە گرنگەدا بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بووەتەوە؛ ئەم ڕووداوانە وەک قورسترین ئاڵۆزی دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتی لەقەڵەم دەدرێن.