لە بەرەبەرەی سی و حەوتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ڕێبەری گەلی کورد، دکتۆر عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، چاپی نوێی کتێبی "بە ئاواتی کوردستان" کە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵی ڕۆژنامەوانی لەسەر ژیان و شەهیدبوونی ئەم ڕێبەرە مەزنەیە، بە زمانەکانی کوردی و فارسی بڵاو کرایەوە.
ئەم بەرهەمە لە نووسینی ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ڤێنێزوێلایی، خاتوون "کاڕۆڵ پروونهوبێر"ە و لەلایەن "وەشانخانەی ٤٩ کتێب"ەوە چاپ کراوە.
نووسەری کتێبەکە کە بۆ یەکەمجار لە ئەنستیتۆی کوردی پاریس لەگەڵ د. قاسملوو ئاشنا بووە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بەرهەمە لەسەر داوای خودی د. قاسملوو نووسراوە، کاتێک پێی وتبوو: "کاتێک من مردم، پێم خۆشە کتێبێک بنووسی کە تێیدا باسی داستانی ژیانی من و ئامانجی کورد بکات."
پڕۆسەی پێداچوونەوە و وەرگێڕانی ئەم چاپە نوێیە بەهۆی سەختیی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە و ئەرشیڤەکان، چەندین ساڵی خایاندووە.
لەم چاپەدا بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە، تەواوی پەراوێز و سەرچاوەکان بە هەر دوو زمانی ئینگلیزی و وەرگێڕدراو (کوردی یان فارسی) خراونەتە ڕوو.
کتێبەکە ئاوڕ لە وێستگە جیاوازەکانی ژیانی د. قاسملوو هەر لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە لە ساڵی ١٩٤٦ وەک بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی ورمێ و نامەنووسینی بۆ پێشەوا قازی محەممەد، تا ڕۆژی ١٣ی جولای ١٩٨٩ کە لە ڤییەن لەلایەن دیپلۆمات-تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کرا، دەداتەوە.
لەم بەرهەمەدا، تیشک خراوەتە سەر گرنگترین دەستکەوتەکانی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سایەی ڕێبەرایەتیی د. قاسملوو دوای شۆڕشی ١٣٥٧، لەوانە:
•دامەزراندنی دیسیپلینی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان لە ژێر گەمارۆی ڕێژیمدا؛
• دامەزراندنی فێرگەی سیاسی- سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان
• ڕێکخستن و بەرخۆدان لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکان لە دوای هێرشی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان
• دامەزراندن و بەڕێوەبردنی قوتانخانەکان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بۆ کچان و کوڕان
• هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی ڕێکخراوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاوکاری مرۆیی و دامەزراندنی نەخۆشخانە لە شاخەکانی کوردستان
• پارێزگاریکردن و ڕەفتار دەگەڵ دیلەکانی شەڕ
• پاڵپشتیکردن و پەنادانی رێکخراوە سیاسییەکانی سەرانسەری لە کوردستان
• خۆلادان و بەناپەسندکردنی کاری تێرۆریستی
• پاڵپشتیکردنی یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان، دامەزراندنی پەیوەندی بەردەوام و دۆستانە لەگەڵ خەڵک و لەگەڵ پێشمەرگە
• دامەزراندنی ڕادیۆ و بەشی بەرنامەی فرە زمانی و دەستپێکردنی کاری بەردەوامی ڕاگەیاندن.
ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی زانستیی گرنگ بۆ بەشەکانی مێژوو، کۆمەڵناسی و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆکاندا دادەنرێت.