کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کۆماری ئیسلامی داوای کۆبوونەوەی کردووە؛ سبەینێ لە قەتەر کۆ دەبینەوە

16:38 - 8 پووشپەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند کە ئێران داوای کۆبوونەوەی کردووە و ئاشکرای کرد کە ئەم دانیشتنە سبەینێ سێشەممە لە دۆحەی پێتەختی قەتەر بەڕێوە دەچێت.

پێشتر ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زمان بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردبووەوە کە ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بڕیارە لەسەر ناکۆکییەکانی پەیوەست بە گەرووی هۆرمۆز گفتوگۆ بکەن و هێرشەکانی سەر یەکتر ڕابگرن.

هاوکات ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوررناڵ"یش باسی لە ڕێککەوتنی هەردوو لایەن بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا کردبوو.

کەمێک دوای لێدوانەکەی ترامپ، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند کە ستیڤ ویتکاف و جێرد کۆشنێر، نوێنەرانی تایبەتی ئاشتیی دەوڵەتی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٩ی پووشپەڕ بۆ بەشداریکردن لەم کۆبوونەوە ئاستبەرزە دەچنە دۆحە تا لەسەر تێگەیشتنی هاوبەش گفتوگۆ بکەن.

لیڤیت ئاماژەی بەوەش کرد کە لە پەراوێزی ئەم دیدارە ئاستبەرزەدا، دانوستانی تەکنیکیش لە نێوان شاندەکانی هەردوو لایەندا بەڕێوە دەچێت.