بەهۆی شەڕ و هێرشە پێچەوانەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا، هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
داتای کەشتیڕانی کە ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی پووشپەر بڵاو کرایەوە، نیشانی دەدات کە هاتوچۆی کەشتی لە گەرووی هۆرمۆز لە ماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لە دوو ڕۆژی شەممە و یەکشەممەی ئەم حەفتەدا کەمی کردووە.
بەپێی ئەو داتایە، بە گشتی تەنیا ٣٩ کەشتی لە ڕۆژی شەممە و ١٢ کەشتی لە ڕۆژی یەکشەممە بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕیون.
ئەوە لە کاتێکدایە کە پێش هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی تاران، لانیکەم ڕۆژانە ١٣٠ کەشتی بە گەرووی هۆرمۆزدا تێپەڕ دەبوون.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ئاماری ڕۆژی یەکشەممە بەنیسبەت حەفتەی ڕابردوو بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
سەرەڕای هۆشداری و هەڕەشەکانی کاربەدەستانی تاران لەو کەشتییانەی سەرپێچی لە ڕێوشوێنە دیارکراوە نوێیەکان دەکەن، بەڵام هاتوچۆ لەو ڕێڕەوە ئاوییە نێونەتەوەییە هەروا بەردەوامە.
شایانی باسە ڕێژیم ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕ کەشتییەکی بازرگانیی کردە ئامانج و زیانێکی زۆری پێگەیاند.
دۆناڵد ترامپ و جەی دی ڤانسی جێگری چەندین جار هۆشدارییان بە ڕێژیمی تاران داوە کە ڕێگەیان پێ نادەن ڕێوشوێن و بەربەست بۆ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دیاری بکەن.