کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزا بۆ ٢ هەزار دۆسییەی پەیوەندیدار بە خۆپێشاندانەکانی هەمەدان

19:41 - 8 پووشپەڕ 2726

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند مانگ بەسەر خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا، دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی هێشتا لە دەرکردنی سزا بۆ دەسبەسەرکراوان بەردەوامە.

سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای هەمەدان ڕایگەیاندووە کە بۆ نزیکەی دوو هەزار دۆسییەی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکان لەم پارێزگایەدا حوکم دەرکراوە و چەندین دۆسییەی تریش پەیوەست بە شەڕی ئەم دواییە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان.

ناوبراو جەختی کردەوە کە دەزگای دادوەری لە سزادانی ئەو کەسانەی کە بە "تێکدەری ئەمنییەت" ناوی بردن، هیچ چاوپۆشی و نەرمییەک نانوێنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەدوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بەردەوام هۆشداری لەسەر سەرکوتکردنی سیستماتیکی ناڕازییان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە مەدەنییەکان دەدەن.

لەلایەکی تریشەوە، ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران نیگەرانیی خۆی لەسەر دۆخی تەندروستیی "عەبدولحوسێن فەرحان"، بەندکراوی تەمەن ٦١ ساڵەی سوننە مەزهەب دەربڕی.

فەرحان لە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ەوە دەسبەسەر کراوە و ئێستا لە بارودۆخێکی نالەباردا لە بەندیخانەی شەیبانی ئەهواز ڕاگیراوە.