ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥، مام مەحموود ڕەسووڵی باوکی شەهید ئیسماعیل ڕەسووڵی خەڵکی کانی شینکەی پیرانشار لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا و بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە لە یەكێک لە نەخۆشخانەکانی پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
مام مەحموود کەسایەتییەکی جێگای متمانەی خەڵکی پیرانشار و کەسێکی دڵسوز، خەمخۆر و حیزبدۆست بوو.
هەموو ئاواتی ناوبراو ئازادیی کورد و کوردستان بوو کە بەداخەوە بەو ئاواتەوە سەری نایەوە.
شەهید ئیسماعیل ڕەسووڵی کوڕی مام مەحموود، ساڵی ١٣٤٣ لە خڕی چەوەندەرێی پیرانشار لەدایک بووە؛ ناوبراو ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٦٢ی هەتاوی لە تێکەڵچوونێک لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا لە شوێنێک بە ناوی باستەمبەگ تیکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بووە و گڵکۆکەی لە کانی کلێدایە.
تەرمی مام مەحموود لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی پیرانشاردا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.