ڕۆژێک دوای سەردانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم بۆ عێراق، وتەبێژی دەوڵەتی عێراق هۆشداریی بە هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران لە عێراق دا کە هەتا ڕێکەوتی ٣٠ی سێپتامبری ئەمساڵی زایینی مۆڵەتیان هەیە کە چەک دابنێن و چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕ، حەیدەر ئەلعەبوودی وتەبێژی دەوڵەتی عێراق ڕایگەیاند "بۆ چەککردنی ئەو گرووپە میلیشیایانەی سەر بە ئێران لەلایەن ئەمریکاوە گوشارمان خراوەتە سەر و ئێمەش دڵنییاییمان پێ داون کە هەتا ڕۆژی ٣٠ی سێپتامبر ئەو پڕۆسەیە بە ئەکام دەگەیەنین".
ئەلعەبوودی زیادیشی کرد کە لە دوای ڕێکەوتی دیاریکراو، هەر جۆرە چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بوونی هەبێت، بەپێی یاسا بەدواداچوونی بۆ دەکەین و سزای قورسی بۆ دیاری دەکەین.
شایانی باسە هاوکات لەگەڵ سەردانی عێراقچی بۆ بەغداد، هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕ ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان بۆ دەسبەسەرکردنی گەندەڵکاران لە ناوچەی سەوزی بەغداد دەست پێکرد و هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٧ بەرپرسی باڵا و نوێنەری پارلەمان لەو ڕەوتەدا دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئامارەکان، زۆربەی هەرە زۆری ئەو دەسبەسەرکراوانە کەسانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوون.