لە کاتێکدا کە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردبوو کە ڕۆژی سێشەممە ٩ی پووشپەڕ لە دۆحە دانوستان بکەن، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ئەو داواکارییەی ڕەت کردەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕ، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاند: "ئێمە لە ڕۆژانی داهاتوودا هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ئەمریکا لە هیچ ئاستێکدا نابێت".
بەقایی ڕاشیگەیاند کە "ئەوەی کە نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی قەتەر دەکەن هیچ پێوەندییەکی بەو شاندەی ئێمە کە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی خاڵی ١١ی ڕێککەوتننامەکە سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە، نییە".
دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا باسی لەوە کردبوو کە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ڕێژیمی تاران لە دۆحەی پێتەختی قەتەر کۆ دەبنەوە و وتەبێژی کۆشکی سپی لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە ستیڤ ویتکاف و جێرد کۆشنێر وەکوو نوێنەری ئەمریکا بەرەو قەتەر بەڕێ کەوتون.