کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی ژنە بەندکراوێکی کورد دوای ٣٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی نادیارە

09:32 - 9 پووشپەڕ 2726

زەهرا محەممەدوەلی ژنە بەندکراوی خەڵکی ئیلام دوای نزیک بە ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکران و ڕاگوێزرانی بۆ بەندیخانەی شاری ئیلام، هەروا لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی چڕدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، زەهرا محەممەدوەلی ٢٧ ساڵە و خەڵکی ئیلام، کە ٣٨ ڕۆژ لەوەوپێش و لە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردان بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو، دوای ڕاگواستنی بۆ شوێنیکی نادیار، بەردوام لەژێر لێپرسینەوەدایە.

بەپێی زانیارییەکی کوردپا، لە ماوەی ئەو ٣٨ ڕۆژەدا ناوبراو لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

هەروەها ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەتا ئێستا داواکاریی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە لەمەڕ ئاگاداربوون لە چارەنووسیان بێوڵام هێشتووەتەوە.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو ژنە بەندکراوە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.