کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک دژی پێشێلکارییەکانی ڕێژمی ئێران لە ئاڵمان

11:07 - 9 پووشپەڕ 2726

ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕ بە بەشداریی کۆمیتە ناوچەی هامبورگی حیزبی دێموکرات و ژمارەیەک لە چالاکانی کورد و ئێرانی، خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

لە خۆپیشاندانەکەدا سەرنج خرایە سەر ڕێکەوتنی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران و پرسی مافەکانی مرۆڤ.
پەیامی کۆمیتەی حیزب بەو بۆنەوە بە زمانەکانی کوردی و فارسی لەلایەن ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەیان و سەحەر شەمسییەوە پێشکەش کرا.
پەیامی کۆمیتەی حیزب وێڕای ئاوڕدانەوە لە مێژووی پڕ لە تاوانی کۆماری ئیسلامی، هاوکات پرسی شەڕی چل ڕۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ئاگربڕی نێوانیان و تاوانەکانی دوای شەڕی ڕێژیم لە کوردستان و ئێران خرایەڕوو.
لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو کە: ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی وەک لایەنی شکستخواردوی ئەو شەڕە، بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی و گەڕاندنەوەی ورە بۆ هێزە ترسنۆک و شکستخواردووەکانی، وێڕای هێرشی بەردەوامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتیش بۆ سەر حیزبی دێموکرات، دەستی بە ڕەشبگیریی لە کوردستان و ئێران و ئێعدام و لەسێدارەدانی لاوان کردووە و جەنایەتکارتر لە ڕابردوو تاوان ئەنجام دەدات.
لەو پێوەندییەدا ڕوو بە ڕای گشتی و بەتایبەت ڕێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریی درا کە ئەگەر پرسی مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش مافی نەتەوە ستەملێکراوەکان لە ڕێککەوتنی نێوەدەوڵەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پشتگوێ بخرێ، دەستی کۆماری ئیسلامی وەک ماکەی تێرۆر و تاوان پتر بۆ سەرکوت و جینۆسایدی خەلکی ئازادیخواز و
ناڕازی ئاوەڵا دەکات.
لە درێژەی خۆپیشاندانەکەی هامبورگدا زۆر پەیام و لێدوانی تر لەلایەن بەشداربووان بە زمانەکانی ئاڵمانی و فارسی و کوردی و هەروەها سروودی شۆڕشگێڕی لەلایەن سروش محەممەدی، ئەندامی حیزبەوە پێشکەش کران.