کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ١٢٧ـەمین حەفتەی چالاکیی مانگرتن لە خواردن و لە دووتوێی بەیاننامەی ئەم سێشەممەیەدا خوازیاری هەڵوەشانەوەی سزای سێدارە و ئازادی و یەکسانی لە ئێران بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی پووشپەڕ، کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە ناڕەزایەتیی ئەوان تەنیا بەرگری لە بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام نییە، بەڵکوو هەوڵەکانیان بۆ پارێزگاری لە مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ و دادپەوەری دەخەنە گەڕ.
لەو بەیاننامەدا هاتووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسێدارەدان وەک کەرەستەی بڵاوکرنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ، سەرکوت و کپکردنی هاواری ئازادیخوازانە بەکار دێنێت.
نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە ئاماژەیان بەوە دا کە بەرپرسانی هێزی دادوەریی ڕێژیم لە سەرەتای شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە، ٣ هەزار و ٢٩٢ کەسیان بە تۆمەتی بێبنەمای "هاوکاریی لەگەل دوژمن" دەسبەسەر کردووە.
هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو کەمپەینە، دادستانی ڕێژیم زیاتر لە ٧٠٠ دۆسییەی دژی ناڕازییانی مانگی بەفرانبار دروست کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەمپەینە، لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە و هەتا ئێستا زیاتر لە ١٤٠ کەس لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ئێستادا وەکوو درێژماوەترین و بەربڵاوترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی نێو بەندیخانەکانی ئێران دێتە ئەژمار و لە ئێستادا بەندکراوانی ٥٧ بەندیخانەی ئێران ئەندامی ئەم کەمپەینەن.