کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان کۆماری ئیسلامیی وەک یەکێک لە گرنگترین هەڕەشە هەواڵگرییەکانی سەر خۆی پێناسە کرد

13:57 - 9 پووشپەڕ 2726

ئیدارەی فێدراڵ بۆ پاراستنی یاسای بنەڕەتیی ئاڵمان لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ی خۆیدا، کۆماری ئیسلامیی لەپاڵ ڕووسیە و چین، وەک یەکێک لە گرنگترین هەڕەشە هەواڵگرییەکان دژی وڵاتەکەی ناساند.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تاران لە ڕێگەی سیخوڕی، هێرشی سایبێری، کردەوەی تێکدەرانە و هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو، ئەمنییەتی ئاڵمان دەکاتە ئامانج.

ئەم دامەزراوەیە ڕایگەیاندووە کە بەشێکی گرنگ لە چالاکییە هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی چڕبووەتەوە لەسەر ناسینەوە و چاوەدێریکردنی نەیاران، ئێرانییە تاراوگەنشینەکان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئەو ناوەندانەی کە پەیوەندییان بە ئیسرائیل و کۆمەڵگەی جووەوە هەیە.

هەروەها هۆشداری دراوە کە دوای شەڕەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاستی ئەم هەڕەشانە زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆماری ئیسلامی بۆ بونیادنانەوەی توانای ئەتۆمی و سەربازیی خۆی، هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بە تێکنەلۆژییە هەستیارەکانی ئورووپا، بەتایبەتی ئاڵمان ڕابگات.

ئیدارەی پاراستنی یاسای بنەڕەتیی ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە، ستراتێژیی "شناسایی، تێکدان و پێشگیریکردن" پێڕەو دەکات.