پێگەی شیکاریی "کانڤێرسەیشن" (The Conversation) لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران، سەرەڕای هەوڵەکانی ناتوانێت کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز بکاتە ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان و ئەم کارە نە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی و نە لە ڕووی کردارییەوە جێبەجێ ناکرێت.
کانڤێرسەیشن جەخت دەکاتەوە کە بەراوردکردنی هۆرمۆز بە کەناڵەکانی سوئێز و پاناما هەڵەیە، چونکە ئەوان کەناڵی دەستکردی ناو خاکی یەک دەوڵەتن و پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە، بەڵام هۆرمۆز ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتیی سروشتییە کە بەشێکی گرنگی ڕێڕەوی هاتوچۆی دەریاوانییەکەی دەکەوێتە ناو ئاوەکانی عومانەوە و بەپێی یاساکان، کەشتییەکان مافی تێپەڕبوونی ئازادیان هەیە؛ بۆیە دەوڵەتی کەناراو ناتوانێت تەنیا بۆ تێپەڕبوون باجیان لێ بسێنێت.
جگە لەوەش، پانیی هۆرمۆز لە تەسکترین خاڵیدا ٣٩ کیلومیترە و وەک سوئێز داخراو نییە، بۆیە ناچارکردنی کەشتییەکان بە پارەدان بەبێ هێزی سەربازی مەحاڵە.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئێران تەنیا دەتوانێت لە ڕێگەی تێکدانی دەریاوانییەوە هۆرمۆز وەک کارتێکی گوشار و چانەلێدان لە دانوستانەکاندا بەکار بهێنێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت کۆنتڕۆڵێکی هەمیشەیی و یاسایی بەسەردا بسەپێنێت یان بیکاتە کەناڵێکی داهات.