کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی کۆمسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیسی ڕێژیم: هیچکات حیزبوڵڵا چەک دانانێت

14:07 - 9 پووشپەڕ 2726

لە دوای ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە نێوبژیوانیی ئەمریکا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەندامێکی کۆمسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند: "ئامانج لەو ڕێککەوتننامەیە، چەککردنی حیزبوڵڵایە و بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی ڕێگە نادەین ئەوە ڕوو بدات".

ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی پووشپەڕ، محەممەدڕەزا موحسێنی سانی، ئەندامی کۆمسیۆنی ئەمنییەتی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە تەواویەتی دەوڵەتی ئێستا و یەکپارچەیی خاکی لوبنان قەرزداری خۆڕاگریی و چەکوچۆڵی بەرەی موقاومەت و کۆماری ئیسلامییە.

موحسێنی سانی ڕاشیگەیاند: "بەبێ توانای بەرپەرچدانەوە و بەرگریی حیزبوڵڵا، لوبنان لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلدا دەستەوسان دەمێنێتەوە".

لە کاتێکدا کە ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە نێوبژیوانیی ئەمریکا لەمەڕ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزی واژۆ کرا، حیزبوڵڵا چەند هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئیسرائیل و لە دژکردەوەدا ئەرتەشی ئیسرائیلیش باسی کە کوژرانی چەند ئەندامێکی ئەو گرووپە کردووە.

هەروەها بێنیامین نێتانیاهوو ڕایگەیاندووە هەتا چەککرانی تەواوی ئەو گرووپە، لە ناوچەکانی باشووری لوبنان پاشەکشێ ناکەن.