کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوەیت دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ڕێژیمی ئێرانی دەرکرد

08:16 - 14 جۆزەردان 2726

دەوڵەتی کوەیت ڕۆژی چوارشەممە و لە کاردانەوە بە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر فڕۆکەخانەی وڵاتەکەی کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە خاکەکەی دەرکرد.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند کە حەمەد سولەیمان ئەلمەشعان، جێگری وەزیری دەرەوەی کوەیت، حامید حەمید یەعقووبی‌فەر، کارداری باڵیۆزخانەی ئێرانی لە کوەیت بانگ کردووە.

لە بەیاننامەی ئەم وەزارەتەدا هاتووە کە ئەلمەشعان ناڕەزایەتیی فەرمیی لە درێژەی هێرشەکانی کۆمای ئیسلامیدا ئاراستەی کارداری ئێران کردووە و "بڕیاری دەوڵەتی کوەیتی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی باڵیۆزخانەی ئێران، ناساندنی دوو ئەندامی شاندی دیپلۆماتی ئێران وەک کەسانی نەخوازراو و داواکاری بۆ جێهێشتنی خاکی کوەیت لە ماوەی کاتیی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا پێ ڕاگەیاندووە."

هاوکات وەزارەتی بەرگریی کوەیت ئاشکرای کردووە کە ئێران بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە بە ٣٠ مووشەکی بالستیک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر خاکی وڵاتەکەی.

بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی پایتەخت، کەسێکی خەڵکی هێند کوژراوە و لانیکەم ٦٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.