کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارنامەی سنووردارکردنی دەسەڵاتی شەڕی دژی ئێران پەسەند کرد

08:57 - 14 جۆزەردان 2726

مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارنامەیەکی بۆ ڕاگرتن و سنووردارکردنی شەڕی دژی ئێران بە ٢١٥ دەنگی ئەرێنی بەرامبەر ٢٠٨ دەنگی نەرێنی پەسەند کرد.

بەپێی ئەم پەسەندکراوە، ڕاگەیاندنی فەرمیی شەڕ یان هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئێران بە مۆڵەتی پێشوەختەی کۆنگرەوە گرێ دەدرێت، مەگەر بۆ بەرگریی دەستبەجێ لە ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی لە کاتی مەترسیی کتوپڕدا بێت.

ئەم هەنگاوە کە بە پاڵپشتی دێموکراتەکان و چوار نوێنەری کۆماریخواز بەڕێوەچوو، گوشارە سیاسییەکان لەسەر دۆناڵد ترامپ چڕتر دەکاتەوە؛ بەتایبەت لەم کاتەدا کە ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا هەیە و دانوستان بۆ ڕێککەوتن بەردەوامە.

هەرچەندە ئەم بڕیارنامەیە کاریگەرییەکی یاسایی دەستبەجێی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا نابێت و پێویستی بە پەسەندکردنی مەجلیسی سێنا هەیە، بەڵام پەیامێکی سیاسیی بەهێزە.

 تەنانەت ئەگەر لە مەجلیسی سێناش دەنگ بهێنێت، سەرۆککۆمار دەتوانێت ڤیتۆی بکات و بۆ پووچەڵکردنەوەی ڤیتۆکەش دەنگی دوو لەسەر سێی کۆنگرەی پێویستە کە کارێکی زۆر ئەستەمە.