کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ: پاش کۆتاییهاتنی شەڕ، ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێو دەبەین

09:21 - 14 جۆزەردان 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕازی بووە ڕێگە بە هێزەکانی ئەمریکا بدات بە مەبەستی دەرهێنان و گواستنەوەی ئەو ماددە ئەتۆمییە پیتێندراوانەی کە بەهۆی هێرشێکی پێشووی واشنگتۆنەوە لە ژێر سایتێکی شاخاویدا ژێر خاک کەوتوون و بە تەواوی وێران کراون، بچنە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە.

ئەم سایتە ژێرزەوینییە هاوینی ڕابردوو لە کاتی ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو"دا لەلایەن بۆمبهاوێژەکانی جۆری "B-2"ی ئەرتەشی ئەمریکاوە تێک شکێندرا.

ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی دواتر ڕایگەیاندووە کە ماددە ئەتۆمییە پیتێندراوەکان لەژێر ئەو شاخە ڕووخاوەدا گیریان خواردووە و قەتیس بوون.

ترامپ جەختی کردەوە کە تەنیا لە کاتێکدا پشتگیری لەم هەنگاوە دەکات کە شەڕ و پێکدادانەکان کەم ببنەوە و وتی: "ئەگەر لە دۆخی شەڕدا بین، نامەوێت ئەم کارە بکەم و هێزەکانمان بخەمە نێو مەترسییەکی لەو شێوەیەوە. کاتێک شەڕ کۆتایی هات، لەو ساتەوە ڕێککەوتن کراوە کە ئێمە لەگەڵ ئەواندا دەچینە ژوورەوە، ماددەکان دەردێنین و لەنێوی دەبەین."

ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرسە لە ئەولەویەتە هەرە سەرەکییەکانی ئەودایە.